هه‌رچی شه‌وه؛ پڕ به جوانی ئه‌ستێره‌کان له تۆ ده‌دوێم
لهرۆژیش دا، هێندای هه‌موو ده‌نکه ترووسکه کانی خۆر ماڵ ئاوایی له خه‌ونه‌کان ئه‌که‌م
تۆ '' بگۆیهکی بێ ده‌نگ و
ڕووبارێکی بێ ڕه‌وت " و
ده‌ریایه‌کی بێ شه‌پۆل و
خۆرێکی بێ هه‌تاوی!
تۆ هاوارێکی له ناو گه‌روو دا خنکاوی!
تۆ هێندای ئاسمان شین و هێندای ئاو بێ ڕه‌نگ و
هێندای ته‌نیایی بێ ده‌نگی!
تۆ هێندای تاریکی بێ بن و هێندای عه‌داڵه‌ت لێم ونی!
ئه‌م شه‌و، پووشپهڕو سیس بوونی گیاکان...،
هه‌ڵوه‌رینی گێلاسه‌کان...،
باسی غوربه‌تی تۆیان بۆ ده‌کردم.
ئه‌مشه‌و، له‌قووڵایی ئاسمانه‌وه قووڵایی چاوه‌کانی تۆم دیت که باسی گریانی نیوه شه‌وو چۆنیه‌تی هه‌ڵڕژانی بارانیان ده‌کرد.
تۆ هه‌موو شیلانه‌کانی پووشپهڕو
هه‌موو هێشوه ترێکانی گهلاوێژو
هه‌موو ده‌سکه گه‌نمه‌کانی خهرمانانت بۆ ناردم!
تۆ ئێسته‌ش له گه‌ڵاڕێزان ئه‌ترسێی
بۆیه گهرپێ ئه‌نێیته سه‌ر داره گوێزه‌کان له به‌ر چاوتا قوڕ ئه‌بارێ
تۆ ئێسته‌ش له باو باڵنده‌و هه‌وره تریشقه ئه‌ترسێی
بۆیه گه‌ر چاوت هه‌ڵدێنی هاوار له دایکت ئه‌به‌ستی
تۆ هاواری سه‌دان بێشکه‌ی بێ کۆرپه‌و
سه‌دان کۆرپه‌ی بێ دایکی!
تۆ له دابڕان ئه‌ترسێی
بۆیه نفره‌ت له شه‌ڕ ئه‌که‌ی!
*******************
شاری سه‌رده‌شت له باشووری ئازه‌ربایه‌جانی ڕۆژئاوا، له باوه‌شی چیا‌و دۆڵ ودره‌خت و کانی و ڕووبار‌و تاڤگه‌دا، " له نێو دڵی زه‌رده‌شت،" له داوێنی چیای گرده سوور هه‌ڵکه‌وتووه . سه‌رده‌شت شارێکی سه‌رسنووری ئێران- ئێراقه و دانیشتوه‌کانی هه‌موو کوردن. با ئه‌وه‌ش بڵێم که زۆرترین قوربانیه‌کانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه- واته؛ به‌قه‌ولی کورده‌واری شه‌ڕی عه‌جه‌م و عاره‌ب- شار‌و دێهاته کورد نشینه‌کانی دوو دیوی سنوور بوون بۆ نه‌موونه وه‌کوو هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رده‌شت و...!
له ڕۆژی 7ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1366ی هه‌تاوی دا فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی سه‌ددامی گۆڕبه‌گۆڕ شاری سه‌رده‌شتیان بوردومانی کیمیایی کرد. له‌و ڕۆژه دا بڕستی هه‌ناسه‌یان له سه‌دان مناڵ و پیرو گه‌نج و ژن و مێرد، بڕی و به گازه ژاراویهکانی سیانۆد و خه‌رده‌ل بێ به‌زه‌ییانه له ژیان بێ به شیان کردن. ئه‌وان له‌و ڕۆژه دا بوونه قوربانی ئاواته قیزه‌ونه‌کانی ناحه‌زانی گه‌لی کورد.
به‌و کاره‌ساته نامرۆڤانه‌یه، برینێکی قووڵ که‌وته ناو مێژووی گه‌لی کورد و به قووڵایی ئه‌و برینه‌ش مێژووی داگیرکه‌ران بۆگه‌ن تر بوو.
به‌م بۆنه‌وه سه‌ری کڕنۆش بۆ ڕووحی بێ گه‌ردی شه‌هیدان دادنوێنین و ئه‌م ڕۆژه به‌رزو پیرۆز ڕاده‌گرین.
نووسه‌ری وێبلاگی باژاڕ؛ 7/4/1388 هه‌تاوی
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
